بەشکردنی ماڵی هاوبەش لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-19-20:25:00 - کۆدی بابەت: 4651
بەشکردنی ماڵی هاوبەش لە ئیسلامدا
زانیاری ئیسلامی هەمەڕەنگ

بەڵام ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان یەتیم بوو، یان شێت بوو، ئەبێ بەشکەرەکە هەر حەوت مەرجەکانی لێبێنە جێ،

ناوه‌ڕۆك

بەشکردنی ماڵی هاوبەش دەبێت چۆن بێت؟

ئەو کەسەی لەلای (قازی) داندراوە بۆ دابەشکردن، پێویستی هەیە کە حەوت مەرجی لێبێنە جێ:

  • ئیسلام بێ
  • بلۆغی بووبێ
  • عەقڵی هەبێ
  • ئازاد بێ
  • پیاو بێ
  • دادپەروەر بێ
  • ژمارەزان بێ

جا ئەگەر هەردوو هاوبەشەکان ڕازی بوون بە کەسێک کە شتەکەیان بۆ بەش بکا، واتە: نەیانویست بچنە لای (قازی) و لە دەرەوە بۆ خۆیان پێکهاتن، بەشکەرەکە پێویست بە گشت مەرجەکان ناکا، بەڵکو تەنها پێویستە شێت نەبێ و منداڵ نەبێ، بەڵام ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان یەتیم بوو، یان شێت بوو، ئەبێ بەشکەرەکە هەر حەوت مەرجەکانی لێبێنە جێ، هەرچەند نەشچنە لای (قازی).
ئەگەر لەو بەشکردنەدا شتی وا هەبوو کە نرخی بۆ دائەندرا، ئەو کاتە دروست نییە لە دوو بەشکەر کەمتر بەشی بکەن، چونکە نرخ دانان وەکو شاهیدی وایە، ئەگەر هەر بەشکردن بوو -نرخ دانان نەبوو- یەک کەس بەسە.
جا ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکان داوای لە هاوبەشەکەی تر کرد کە ماڵە هاوبەشەکەی لەگەڵی بەش بکا و زیانیش لەو بەشکردنەدا نەبوو، واتە: لە سوود نەئەکەوت، وەک بڵێ:وەرە با ئەم زەوییە، یان ئەم گەنمە بەش بکەین واجبە ئەوی تر وەڵامی بداتەوە و بڵێ: باشە.

ئەو شتەی ناگونجێ بەش بکرێ: وەکو ئۆتۆمبێل، یان یەک تفەنگ، یان یەک ووڵاغ، واجبە بۆ خۆیان بە نۆبەت سوودی لێ وەربگرن، یان بە کرێی بدەن و کرێیەکە بەش بکەن، یان ئەبێ بیفرۆشن.

جا بۆ ئەوەی بزانین کام بەش بدرێتە کامەیان، پشکەیان بۆ ئەکەین، واتە: ناوی هاوبەشەکان ئەنووسین و ئەیخەینە ناو شتێک، جا یەکێکی بێ لایەن ناوێک دەرئەهێنێ بۆ بەشی یەکەم، ناوێکی تریش دەر ئەهێنێ بۆ بەشی دووەم، جا بەم جۆرە هەرکەسێک ناوی بۆ بەشێک دەرچوو، بەشەکەی ئەدرێتێ، ئینجا ئەبێ گشتیان بڵێن: بەم بەشکردنە ڕازی بووین.

ئەگەر یەکێک لە میراتگرەکان بەشەمیراتێکی هاوبەشی لە کەسێک وەرگرتەوە، ئەوە گشت میراتگرەکانی تر لەگەڵی ئەبنە هاوبەش، واتە: بە تەنها نابێتە هی خۆی. بەڵام ئەگەر هاوبەشییەکە بە هۆی میرات نەبوو، ئەوە هەر کەسەیان دەتوانێ بەشی خۆی تەنها بۆ خۆی وەربگرێتەوە و ئەوانی تر لەگەڵی نابنە هاوبەش.

دروست نییە هیچ هاوبەشێک بەشەکەی خۆی -لە ماڵە هاوبەشەکە- ببا، تا بەش ئەکرێ، یان هاوبەشەکەی تر ئیزنی ئەدا، یان یاخی ئەبی لە بەشکردن، بەو مەجەش بەشەکان هاووێنەی یەکتر بن.


سەرچاوەکان



648 بینین